وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێنمایی ژمارە 11ی ساڵی 2023ی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە (12) ماددەدا دەركردووە و لە ژمارە (314)ـی وەقایعی كوردستان بڵاو بووەتەوە.
ڕێنماییەكە لەسەر بنەمای پاراستنی پیشەیی و پێویستییەكانی بواری تەندروستیی پیشەیی هاتووەتە كایەوە، ئامانجیەتی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی بپارێزێت.
لە ماددەی سێیەمی پڕۆژەكەدا هاتووە، لیژنەی پشكنینی كار هەڵدەستێت بە چەسپاندنی تێبینییەكانی لەسەر ئاستی پێویستییەكانی كار و ئەوەی تایبەتە بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە ڕاپۆرتەكانی سەردانی پشكنین بۆ پرۆژەكان؛ لیژنەی پشكنین بەرپرسە لە دیاریكردنی كەمتەرخەمی لە بوونی پێویستییەكانی كار و پشتگوێخستنی پابەندییان لە جێبەجێكردنی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە پرۆژەكاندا.
لە بەشێكی ترى ڕێنماییەكەدا، ئەو دەسەڵاتە بە وەزیر دەبەخشێت بڕیاری داخستنی شوێنی كار، یان ڕاگرتنی كاركردنی ئامێرێك یان زیاتر بدات لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی پشكنین لە كاتی پابەندنەبوونی خاوەنكار بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی كارەكە، تا ئەو كاتەی هۆكاری داخستنەكە لادەچێت. ئەو كرێكارانەشی بەو هۆیەوە لە كار وەستاون، مافی وەرگرتنی تەواوی مووچەكانیان هەیە لە ماوەی ڕاگرتنی كارەكەدا.
لە ڕێنماییەكەدا سەرجەم ڕێكار و بنەماكانی دابینكردن و پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی كرێكاران ئاماژەی پێ دراوە، ماف و ئەركی كرێكاران و خاوەنكاران لەم ڕووەوە دەستنیشان كراون، ئەوەش بە پێی قەبارەی كارگەكان و ژمارەی ئەو كرێكارانەی تێیدا كار دەكەن.
لایەنێكی گرنگی ئەو ڕێنماییە پێوانەكردن و هەڵسەنگاندنی ژینگەییە لە شوێنی كاردا، تاكوو هیچ مەترسییەك لەسەر تەندروستیی كرێكاران دروست نەبێت و لە ئەگەری دروستبوونی گرفتی تەندروستیدا، مافەكانیان پارێزراو بێت.
بۆ خوێندنهوهى تهواوى ڕێنماییهکە…