ڕێکەوتى 28ی نیسان ڕۆژی جیهانیی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەییە لە شوێنی کار، بۆ یەکەم جار رێکخراوی کاری نێودەڵەتی (ILO) لە ساڵی 2003 ناساندنی ئەم ڕۆژەی ڕاگەیاند، بە ئامانجی خۆپارێزی لە ڕوداوەکانی کار و نە خۆشییە پیشەییەکان لە جیهان.
تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بە یەکێك لە پێوەرە بنەڕەتییەکان دادەنرێت بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کاری ئاسایش و بەرهەمدار، بێگومان گرنگیی ئەم پرسە و مەترسییەکانی جیاوازە بەپێی جۆری کار و چالاکیی ئابووری، پاراستنی کرێکاران لە پێکانی کار و نەخۆشییە پیشەییەکان تەنها لە سوودی پاراستنی گیانی کرێکاران و تەندروستییان کورت ناکرێتەوە، بە پێچەوانەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لە زیادبوونی بەرهەم و گەشەی ئابووری، بە کورتی لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێك لە گرنگییەکان دەکەم:
1. پاراستنی گیانی کرێکاران لە ڕووداواکان و پێکانەکانی کار، کە هۆکارێك دەبن بۆ مردن و کەمئەندام بوون.
2. زیادبوونی بەرهەم لە رێگەی ڕەخساندنی کەشێکی ئارامی کارکردن و کەمکردنەوەی نەهاتنی کرێکار بە هۆکاری پێکانی کار و نەخۆشی.
3. کەمکردنەوەی تێچوو بە هۆکاری دابینکردنی دەرمان و چارەسەریی.
4. پاراستنی ناوبانگی پڕۆژە و دروستکردنی متمانە لەلای کرێکاران و وەبەرهێنەران و ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
5. یەکێك لە پێوەرەکان پابەندبوونی پڕۆژە و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتە بە جێبەجێکردنی پێوەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و یاساکان و جێبەجێکردنیان و بڕیار دەدات لەسەر بەدامەزراوەیی بوونی کارگێڕییەکان و خاوەنکارەکان.
بەداخەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچووەکان لە کۆمپانیاکان و پڕۆژەکان بە تایبەت پڕۆژە بیناسازییەکان پابەند نین بەم پرسە گرنگە، خاوەنکاران ناچار دەبن لە داهاتوودا بە هۆکاری ئەو زیانانەی بەریان دەکەوێت بە چەند ئەوەندە قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە، جگە لەو رێکارە یاساییانەی لە بەرامبەریان دەگیرێتە بەر بەپێی یاسای کار، ئومێدەوارم خاوەنکاران جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە تەندروستی سەلامەتیی پیشەیی وەك ئەرکێکی زیادە لێی نەڕوانن، بە پێچەوانەوە وەبەرهێنانی راستەقینە لە سەرچاوەی مرۆییدا دەکرێت کە بە بڕبڕەی پشتی دامەزراوەیەکی باش هەژمار دەکرێت.
نووسینى: پشکنەر/ هۆشمەند عوسمان رەسول لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران/سلێمانى