سەرەتاى مانگى داهاتوو، لە شارى سلێمانى پێشانگەى هەلى کار دەکرێتەوە، کە تیایدا چەندین خاوەنکار بەشدارى دەکەن و هەلى کارەکانیان بۆ کارخوازان دەخەنە ڕوو.
بە هەماهەنگى لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتى (ILO) و زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، ڕۆژى (یەکشەممە) ڕێکەوتى 4/5/2025 کاتژمێر 10:00ی بەیانى تا 5:00ی ئێوارە لە شارى سلێمانى، هۆتێل ڕۆتانا، دووەمین پێشانگەى هەلى کار لە کوردستان دەکرێتەوە.
لەم پێشانگەیەدا زیاتر لە 50 خاوەنکار و 1000 قوتابیی دەرچووى زانکۆ و کارخواز بەشدار دەبن و بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى لە پلاتفۆڕمى هەلى کار، ئەو پێویستییانە دەخرێنە ڕوو کە خاوەنکارەکان تیایدا پێویستییان بە دەستى کارە.
بەشداریکردن لەم پێشانگەیە بۆ هەمووانە، بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن پەیوەندى بە ژمارەکانى هێڵی هۆشیارى کرێکاران بکەن و لەم پلاتفۆڕمەدا هەژمارى تایبەت بە خۆتان بۆ دۆزینەوەى هەلى کار دروست بکەن.
شایانى باسە، یەکەمین پێشانگەى هەلى کار لە 10/11/2024 لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا "پلاتفۆڕمى هەلى کار"، کارا کرا و لەوکاتەوە کارخوازان و خاوەنکارەکان هەژمارى تایبەت بە خۆیان لە پلاتفۆڕمەکەدا دروست دەکەن بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ بێکاران و گەیشتن بە دەستى کار بۆ خاوەنکارەکان.
هێڵی هۆشیارى کرێکاران:
(07721225500 , 07511225500 , 5500) پەیوەندى تەلەفۆنى، واتسەپ، ڤایبەر